Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/08/24

دوێنێ ئه‌م چه‌ند دێره‌م له‌ نووسینێكی كاك ئازاد قه‌زاز خۆێندنه‌وه كه‌ له‌ روانیندا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌: " ئه‌گه‌ر به‌ چاوێكی بابه‌تی دوور له‌ عاتیفه‌ سه‌یری ئه‌م سه‌ركردانه‌ی مێژووی كورد بكه‌ین ده‌بینین هه‌ریه‌كه‌یان جگه‌ له‌ عاتیفه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ڕۆحی جه‌نگاوه‌ری چیتر پاڵنه‌ریان نه‌بوه‌، ئه‌مه‌ش به‌رماوه‌ی پێشینانی كورده‌ كه‌ تا ئێسته‌ش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌و خوانه‌ ده‌خۆن. دیاره‌ پێشه‌وایه‌تی گه‌لێك زانست و بیری ده‌وێ، هه‌ر یه‌كه‌ له‌و به‌رێزانه‌ یان شێخ بووه‌ یان مه‌لا یان كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار یان عه‌سكه‌ری بووه‌. كه‌سێ له‌وانه‌ زانایه‌كی كۆمه‌ڵناسی یان ده‌روونناسی یان فه‌یله‌سوفێك یان بیریارێك نه‌بوون."
له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ كه‌س حه‌زكه‌ن كه‌وا زۆر سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ بدوێن، به‌ڵام من نا. هه‌ر بۆیه‌ ده‌مه‌وێ به‌كورتی ئیشاره‌ت بۆ دوو خاڵ بكه‌م، كه‌ به‌ڕای من شایانی باسن.
یه‌كه‌م ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌كرده‌كانی كورد یان شێخ بوون یان مه‌لا یان كوڕی بنه‌ماڵه‌یه‌كی ناودار یان عه‌سكه‌ری بوون. دیاره‌ ئه‌م بۆچوونه‌ هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی مێژوو نییه‌ و به‌ڵكو ده‌كرێ له‌ پشتیه‌وه‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كی توندیش بخوێنرێته‌وه‌، واته‌ ئه‌وه‌نده‌ی لێكدانه‌وه‌یه‌، ئه‌وه‌نده‌ش هه‌ڵوێسته‌. راستیه‌كه‌ی من هه‌رگیز له‌و بڕوایه‌دانیم كه‌ كاك ئازاد ئه‌وه‌نده‌ له‌ مێژوو و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی بێئاگا بێت، كه‌ بێئاگایی ئه‌م -به‌ڕای من- هه‌ڵه‌ زه‌قه‌ی له‌ پێبكات. ئاخر كورد تا ئه‌و چه‌ند ده‌یه‌ی دوایی كێی دیكه‌ی هه‌بووه‌ سه‌ركردایه‌تی بكات و شۆڕشه‌كانی به‌ئامانج بگه‌یه‌نێت؟ مه‌گه‌ر، جا به ‌چاك بووبێت و به‌خراپ، هه‌ر ئه‌وانه‌ ده‌مڕاست وهه‌ڵسوڕێنه‌ری كاروباری خه‌ڵك نه‌بوون؟ یان دیاره‌ ئه‌م بۆچوونه‌ زیاتر به‌زه‌یی به‌و هه‌زاران فه‌یله‌سوف و كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسانه‌ی كه‌ زانستگه‌ دێرینه‌كانی وان و سنه‌ و سلێمانی پێیانگه‌یاندوون دا دێته‌وه‌ كه‌ چه‌ندین سه‌ده‌یه‌ بێكار و كرده‌وه دانیشتوون!!! ئه‌گه‌ر وابێ دیاره‌ ئه‌م بۆ چوونه‌ به‌جێیه‌ و ده‌خێكه‌ ده‌بێ هه‌موومان بیخۆین.
له‌وبڕوایه‌شدا نیم كه‌ مه‌لیكه‌كانی ئالی سه‌عود و هاشمیه‌كانی ئوردن و ئه‌میره‌ زۆروزه‌به‌نده‌كانی دوورگه زور له‌ شێخ سه‌عید و قازی محه‌مه‌د و مه‌لا مسته‌فا لێهاتووتر بوون. دیاره‌ به‌م قسه‌یه‌م مه‌به‌ستم نییه‌ ته‌واوی ئۆباڵی شكسته‌كانی كوردان بخه‌مه‌ ئه‌ستۆی بیانی و دوژمنان، هه‌روه‌ك نایشكرێ هه‌مووی بخرێته‌ گه‌ردنی سه‌كرده‌كانی كورد. و دیاره‌ هۆیه‌كانی ئه‌و شكستانه‌ زۆرن و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كی وورد و فره‌لایه‌نه‌یان گه‌ره‌كه‌.
دووه‌میش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ مه‌گه‌ر كه‌ی بڕیار بووه‌ فه‌یله‌سوف و ده‌روونناس و كۆمه‌ڵناس ببنه‌ پێشه‌وا‌ و سه‌ركرده‌ و هه‌ڵوڕێنه‌ری كاروباری سیاسی كۆمه‌ڵگه‌؟ خۆ زۆر كه‌م نه‌بێت دانووی سیاسه‌تمه‌داران و فه‌یله‌سوفان به‌یه‌كه‌وه‌ نه‌كوڵاون. ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر نووسینێكی رێبوار سیوه‌یلیم سه‌باره‌ت به‌ جیاوازیه‌كی سیاسه‌تمه‌دار و فه‌یله‌سوف خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ كتێبی "نه‌ته‌وه‌ و حه‌كایه‌ت"دا بڵاوكراوه‌ته‌وه‌. هێندێك له‌و سه‌رنجانه‌ی ئه‌وم زۆر لا جوان بوون و ئه‌گه‌ر ئه‌و نووسینه‌ یاخود كتێبه‌كه‌تان ده‌ست ده‌كه‌وێ چاوێكی پێدابخشێنن، ده‌زانن دونیا و شێوازی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دووانه‌ چه‌نده‌ لێكجیان. هه‌رچی كۆمه‌ڵناس و ده‌روونناسیشن، ئه‌وا مه‌گه‌ر دووره‌په‌رێز وه‌ستابن، ئه‌گه‌رنا و سیاسه‌تمه‌داران به‌ری ره‌نجی ئه‌وانیشیان هه‌ڵلوشیوه‌ و هه‌رگیزیش رێگه‌یان پێنه‌داون پێیان له‌به‌ڕه‌ی خۆیان زیاتر راكێشن.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/08/19

دوو شت له‌مرۆڤدا زۆر سه‌رنجم راده‌كێشن: بێسنووریی حه‌ز و گه‌وره‌یی خه‌مه‌كانی.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟