Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/04/11

وا خه‌ریكه‌ ئه‌و شه‌ڕه‌ی كه‌ به‌ر له‌ زیاتر له‌ بیست رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ده‌ستیپێكرد، به‌ره‌و ته‌واوبوون ده‌چێت. تا ئێستا ئه‌نجامێك كه‌ لێیكه‌وتۆته‌وه‌، جێگه‌ی خۆشحاڵی هه‌موو كوردێك و زۆربه‌ی خه‌ڵكی عێراقه‌. دیمه‌نی ئاهه‌نگگێڕانی ئه‌و خه‌ڵكه‌ی هێشتا باوه‌ڕناكات كه‌ له‌ده‌ست یه‌كێك له‌ دڕنده‌ترین ده‌سه‌ڵاته خوێنڕێژه‌كانی مێژووی كۆن و نوێی مرۆڤایه‌تی رزگاری بووه‌، مایه‌ی خۆشحاڵین. به‌ڵام دیاره‌ له‌پاڵ ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌دا، شكستێكی قۆڵ خۆی حه‌شارداوه و له‌ودیو ئه‌و خۆشحاڵیه‌وه‌، خه‌مێك ونه‌ كه بیرلێكردنه‌وه‌ی به‌ زۆر له‌پێشتر له‌ لێكدانه‌وه‌ی چۆنێتی هاتن و چوونی رووداوه‌كان ده‌زانم.
خه‌ڵكی به‌غدامان بینی كه‌ چی به‌ وێنه‌كانی دیكاتۆر كرد و ئه‌مڕۆش خه‌ڵكی كوردستانمان بینی كه‌ له‌ هه‌ولێر و سلێمانیشه‌وه‌ خۆیان گه‌یاندبووه‌ كه‌ركوك و به‌شداری ئاهه‌نگی ئازادی ئه‌ویان ده‌كرد. به‌ڵام من له‌ودیو ئه‌و سه‌ركه‌وتانه‌ شكستێكی قۆڵ ده‌بینم، خۆشحاڵی ئازادبوونی نزیكه‌ی ته‌واوی ئه‌و به‌شه‌ی كوردستانم لا تێكه‌ڵ به‌ دڵته‌نگیه‌كی تاقه‌تبڕ بووه‌.
شكستێك كه‌ من له‌ودیو ئه‌و سه‌ركه‌وتانه‌وه‌ ده‌یبینم، شكستی ئیراده‌ی مرۆڤ و بێده‌سه‌ڵاتی كۆمه‌‌ڵگه‌ی عێراقییه‌، به‌ تایبه‌تیش به‌شه‌ غه‌یره‌ كوردیه‌كه‌ی و هه‌ر به‌شه‌ی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه‌ش به ده‌وری خۆی. ئاخر ده‌سه‌ڵاتێك كه‌ ئاوا به‌ئاسانی، دیاره‌ دوای كوتانێكی زۆری له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌مه‌ریكی و ئینگلیزیه‌كانه‌وه‌، داته‌پێت، بۆ ده‌بێ به‌ ده‌ستی ئه‌و خه‌ڵكه‌ نه‌ڕوخێنرێت، كه‌ سی و پێنج ساڵه‌ ژیانی لێ تاڵكراوه‌ و شه‌ڕ له‌دوای شه‌ڕی پێكراوه‌.
به‌ڕای من ده‌بێ به‌ وردی و به‌ قوڵی بیر له‌ كه‌سایه‌تی تاكی عێراقی و ستروكتوری ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ بكرێته‌وه‌. ئاخر من هیچ به‌دووری نازانم، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رجێكی وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌ تا ئێستا حاكم بووه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، ئاگری هه‌مان دۆزه‌خ خۆشنه‌كرێته‌وه‌.
دوێنێ باسی بنیاتنانه‌وه‌ی كه‌سایه‌تی كوردیت ده‌كرد. پێموایه‌ پێش ئه‌وه‌ی باس له‌و بنیاتنانه‌وه‌یه‌ بكه‌ین، ده‌بێ ئه‌و كه‌سایه‌تییه‌ به‌ شێنه‌یی شیكرێته‌وه‌ و به‌ر له‌ هه‌ر شتێكیش باس له‌و گۆڕانكاریانه‌ بكرێت كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و سی و پێنج ساڵه‌دا به‌سه‌ریدا هاتوون‌.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/04/09

ئێستا كاتژمێر یازده‌ی به‌یانییه‌ و له‌ نزیكه‌ی سه‌عاتێك له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌، كه‌ناڵه‌ ئاسمانیه‌كان وێنه‌ و دیمه‌نی ئه‌مڕۆی راووڕووتیه‌كانی شاری به‌غدا نیشانده‌ده‌ن. هێندێكیش هه‌ڵده‌په‌ڕن و و بۆش بۆشیانه‌. له‌ سه‌ران و جه‌للادانی رژێمیش هیچ خه‌به‌رێك نییه‌. ئێستا رۆژانی راپه‌ڕینی 91 ی لای خۆمانم دێنه‌وه‌یاد. به‌ڕاستی ساتێكی خۆشه‌. هه‌ر چه‌نده‌ داهاتوو هێنده‌ دیار و رۆشن نییه‌، به‌ڵام ئێستا له‌سه‌ركارلاچوونی سه‌ددام له‌سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه‌.
پیرۆز بێت له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی چاوه‌ڕێی ئه‌م رۆژه‌ بوون. به‌ هیوای هاتنه‌دی كه‌شوهه‌وایه‌كی ئازاد.
جارێكی دیكه‌ش به‌هار و ساڵی نوێتان پـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــیرۆز.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟