Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/03/30

ئه‌وا ده رۆژی یه‌كه‌می به‌سه‌رچوون و شه‌ڕه‌كه‌یش نه‌بڕایه‌وه‌، هیچ دیاریش نییه‌ چه‌نده‌ها ده‌رۆژی دیكه‌ش ده‌خایه‌نێت. ئاخر پێموایه‌، له‌چه‌ند كه‌سێكی كه‌م به‌ولاوه،‌ كه‌ له‌وانه‌یه‌ ژماره‌كه‌یان له‌ ژماره‌ی په‌نجه‌كانی ده‌ست ره‌تنه‌دات، خه‌ڵكی سه‌رگۆی ئه‌م زه‌ویه‌ تێكڕا ئاواته‌خوازی زووبڕانه‌وه‌ی شه‌ڕبوون و هه‌ن.
شه‌ڕێكی سه‌یره‌؛
دیاره‌ ئه‌مه‌ریكیه‌كان به‌ خه‌یاڵی رایه‌ڕینی ساڵی 91 نیه‌تی شه‌ڕیان هێناوه و هاتوونه‌ته‌ مه‌یدان‌، ئاخر یه‌كه‌م ساتی ئه‌و را‌په‌ڕینه به‌ گرتنه‌به‌ر گولله‌ی وێنه‌یه‌كی دیكتاتۆر له‌لایه‌ن سه‌ربازێكی عێراقیه‌وه‌ له‌به‌سرادا ده‌ستیپێنه‌كرد، ‌ئه‌وه‌تا ئێستاش سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی یان ئینگلیز ده‌یه‌وێ هه‌مان رۆڵ ببینێت و به‌ تانكه‌كه‌ی وێنه‌یه‌كی له‌ هه‌مان شێوه‌ی ئه‌و ده‌ڕمێنێ، به‌ڵام كوا راپه‌ڕین؟
شه‌ڕێكی سه‌یره‌؛
هیچ دیار نییه‌ دوای لاچوون وله‌ناوچوونی سه‌ددام، كه‌ ئاواته‌خوازم بیبینم، سه‌ددامیزم چی به‌سه‌ر دێت! ئاخر زۆرێك له‌وانه‌ی كه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی ئه‌ون، ئه‌وانه‌ش‌ كه‌ دژایه‌تیی ده‌كه‌ن، له‌وانه‌یه‌ هه‌ڵگری هه‌مان كه‌ڵكه‌ڵه‌ و حه‌زه‌كانی ئه‌و بن.
شه‌ڕێكی سه‌یره‌؛
هێزه‌ كوردیه‌كان به‌ شه‌ڕی خۆیانی ده‌زانن و هیچیش دیار نییه‌ دوای شه‌ڕ چاره‌نووسی ئه‌وان و ئه‌و چه‌ند ملیۆنه‌ی حوكمی ده‌كه‌ن به‌ چی ده‌گات! شه‌ڕێكه‌ ته‌واوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ی دا‌به‌شی دوو به‌ره‌ی دژ به‌یه‌ك كردووه. چ به‌ ئاشكرا و چ به‌ نهێنی، ته‌واوی خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌، هۆیه‌كانی راگه‌یاندن، ده‌سه‌ڵاتداران و نه‌یارانیشیان یان لایه‌نگری دیكتاتۆره‌كه‌ی ئه‌وێن و یان لایه‌نگری ملهوڕه‌كه‌ی ئه‌ولان.
شه‌ڕێكی سه‌یره‌؛
له‌ هه‌مووی سه‌یرتر، هۆیه‌كانی راگه‌یاندنی ناوچه‌كه‌ن. هێندێكیان شه‌و و رۆژ خه‌ریكی فرمێسكڕشتن بۆ عێراق و خه‌ڵكی عێراقن و كه‌ له‌ كۆتاییشدا ده‌رژێته‌وه‌ ناو حیسابی تایبه‌تی سه‌ددام و ئه‌وانی دیكه‌ش ده‌ڵێی له‌و واشنتۆنه‌وه‌ په‌خشده‌كرێن. له‌وه‌ش سه‌یرتر، كه‌ناڵه‌ئاسمانییه‌ كوردیه‌كانن، دیاره‌ ئێوه‌ش ته‌ماشایان ده‌كه‌ن و ده‌زانن لای ئه‌وان چ باسه‌، یان گورانی و مه‌قامی عێراقیه‌ و یان باس له‌ پڕۆسه‌ی ئازادی و ئازادكردنی عێراقه‌!!!
شه‌ڕێكی سه‌یره‌؛
بۆیه‌ حه‌زده‌كه‌م زوو كۆتایی بێت، به‌ڵام به‌ لاچوون و له‌ناوچوونی سه‌ددام و زه‌برخواردنێكی موسته‌حه‌ققی بوشی كوڕ‌.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟