Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/03/22

وێنه‌ی ئه‌و منداڵه‌ كوژراوه‌ی ئه‌مشه‌و له‌ ته‌له‌فزیوندا بینیم واملێده‌كات بڵێم: هه‌زارجار نه‌فره‌ت له‌ شه‌ڕ.
لێره‌ لینكم بۆ وێنه‌یه‌كی ئه‌و مناڵه‌ كوژراوه‌ كردبوو، ئه‌وا لامبرد، ببوورن

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/03/21

تۆزێك له‌مه‌وبه‌ر كه‌ له‌خه‌و هه‌ڵسام، ئاسمان ساف و بێگه‌رد بوو. نه‌ورۆزه‌ و به‌ هار و ساڵێكی نوێ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ بیرم هیچ به‌لای به‌هار و ئاسمانی شین و هه‌ستی نوێبوونه‌وه‌ی دارودره‌خت و گژوگیادا نه‌چوو، هه‌ر خێرا به‌ره‌و كۆنتڕۆلی ته‌له‌فه‌زیۆنه‌كه‌مان رامكرد، بزانم له‌ دوێنێ شه‌وه‌وه‌ چی بووه‌. دیاره‌ شه‌وی رابردوو، هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و به‌ریتانیا تونیویانه‌ ده‌ست به‌سه‌ر شارۆچكه‌ی فاودا بگرن، ئه‌و فاوه‌ی كه‌ له‌ هه‌شتاكاندا هێزه‌كانی عێراقی به‌بێ یارمه‌تی ئه‌مه‌ریكیه‌كان نه‌یانتوانی ده‌ستی له‌شكری ئێرانی ده‌رێنن. ئه‌وا‌ بۆخۆیان برده‌وه‌!!!
دیاره‌ ئێمه‌ هێشتا ناتوانین باس له‌ به‌هارێكی راسته‌قینه‌ و ساڵێكی به‌ راستی نوێ بكه‌ین. هێشتا خه‌ڵكی هێندێك له‌ شار و شارۆچكه‌كانمان له‌ نیمچه‌ ئاواره‌ییه‌كدان. به‌ هیوای ئه‌و به‌هاره‌ و ئه‌و ساڵه‌ی تیایدا ره‌وتی مێژوو به‌ قازانجی ئێمه‌ ده‌شكێته‌وه‌.
پێمخۆشه‌ ئێستا له‌ جیاتی به‌ناو پارك و ژێر باڵه‌خانه‌ به‌رزه‌كانی به‌رلیندا، بمتوانیوایه‌ لێره‌ بسوڕێمه‌وه‌ و دیمه‌نی سروشتی سه‌وز ببینم: بزانم كێ ده‌زانێ ئێره‌ كوێیه‌؟


ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/03/20
2003/03/19

دڵم ته‌نگه‌ و له‌ هیچ كوێیه‌ك ئۆقره‌ناگرم.
له‌ دوێنێوه‌ ئه‌وه‌ چه‌ندین جاره‌ به‌ ته‌له‌فون یان له‌ ڕێی ئینته‌رنێته‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌وانه‌ی ئه‌وێوه‌ ده‌كه‌م. ده‌ڵێن شار چۆڵ بووه‌ و خه‌ڵكێكی زۆر كه‌م ماون. شار بۆنی شه‌ڕ، خوێن و مه‌رگی لێدێت. خه‌ڵكی ده‌ترسێن، به‌ڵام خۆشحاڵیان به‌وه‌ی كه‌ له‌وانه‌یه‌ ئه‌مجاره‌، به‌ یه‌كجاری له‌ ده‌ستی سه‌ددام و ده‌سه‌ڵاته‌ ته‌مه‌ن سی و پێنج ساڵیه‌كه‌ی حیزبی به‌عس رزگاریان بێت زۆر له‌ ترس له‌ ده‌ستوه‌شاندنه‌كانی سه‌ره‌مه‌رگی سه‌ددام و له‌شكره‌ شكستخواردووه‌كه‌ی‌ لاگه‌وره‌تره.
كه‌چی من ترسم له‌و ده‌ستوه‌شاندنانه‌ له‌لایه‌ك و نیگه‌رانم له‌ نادیاریی ئاسۆكانی ده‌ورانی دوای شه‌ڕ و هه‌ڕه‌شه‌كانی گورگه‌ بۆره‌كان و نه‌فره‌تم له‌خودی شه‌ڕ له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ به‌سه‌ر خۆشحاڵیه‌كه‌مدا زاڵن‌. ئاخر هه‌ر رزگار بوون له‌ده‌ست رژێمی به‌عس به‌س نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ڵكه‌ بێده‌ره‌تانه‌ خۆشی له‌خۆنه‌دیووه‌ تاوێك ئاسووده‌ بژین. شۆڕشه‌كانی كورد له‌و رووه‌وه‌ كه‌ پێیانوابووه‌ و وایه‌، ده‌بێ ریسك بكه‌ن و له‌و ریسككردنه‌یاندا شتێك نییه‌ بیدۆڕێنن، هه‌میشه‌ به‌پێی بۆچوونه‌كانی ماركس مامه‌ڵه‌یان له‌ته‌ك هه‌لومه‌رجه‌كاندا كردووه‌. من له‌وبڕوایه‌دا نیم، كه‌ شتێكمان نییه‌ له‌ كاتی شكستدا له‌ده‌ستیده‌ین، كاتمان، توانامان، ده‌رفه‌ته‌كانمان و زۆر شتی دیكه‌ش هه‌ن، كه‌ قه‌ره‌بوونابنه‌وه‌.
چه‌ند رۆژێكه‌ جار له‌ دوای جار، رووداوه‌ تاڵ و شیرنه‌كانی ژیانمم دێنه‌وه‌به‌رچاو. "شریتی عومری رابردووم وه‌كو خه‌و" نا وه‌كوو فیلم دێته‌به‌رچاوم. هه‌ر له‌ پۆلی یه‌كه‌می سه‌ره‌تاییه‌وه‌ تا جێهێشتنی نیشتمان. زیاتریش ساته‌كانی ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی یه‌كه‌می زۆربه‌ی دونیا له دژی عێراق و ساته‌كانی راپه‌ڕین و شكسته‌كه‌ی. ئه‌و كاته‌ گه‌نجێكی تازه‌ پێگه‌یشتووی خوێنگه‌رم بووم. ئه‌و كاته‌ی كه‌ ئه‌و ئه‌مه‌ریكایه‌ی ئێستا ده‌یه‌وێ به‌ هه‌ر نرخێك بێت سه‌ددام له‌سه‌ركارلادات، ده‌سته‌كانی سه‌ددام و گارده‌كانی كۆماری ئه‌وی به‌ڕووی كورد و شیعه‌كاندا كردنه‌وه‌، شار وه‌ك ئێستا چۆڵده‌كراو خه‌ڵكی رێگای شاخه‌كان و وڵاتانی دیكه‌یان گرتبووه‌به‌ر. شار چۆڵ و شڵه‌ژاو بوو، ئه‌و هێزی پێشمه‌رگه‌یه‌ی ئه‌زموونی ده‌یان ساڵه‌ی شه‌ڕیان هه‌بوو، ئه‌و چه‌كدارانه‌یش كه‌ تا ئه‌و كات چه‌كیان بۆ سه‌ددام هه‌ڵگرتبوو و له‌گه‌ڵ راپه‌رایندا ببوون به‌ "شۆڕشگێڕ" و ئه‌وانیش ئه‌زمونێكی زۆری شه‌ڕیان وه‌سه‌ریه‌كنابوو، خه‌ریكی سه‌نگه‌رچۆڵكردن و راكردن بوون. ئا له‌وكاته‌دا، ئێمه‌ی كۆمه‌ڵێكی گه‌نجی ناشاره‌زا ده‌مانه‌ویست رووبه‌ڕووی له‌شكری سه‌ددام بووه‌ستینه‌وه‌. زۆۆری نه‌برد لووله‌ی تانكه‌كانمان لێوه‌ده‌ركه‌وتن، كۆپته‌ره‌كانیش به‌سه‌ر‌سه‌رماندا ده‌خولانه‌وه‌ و جارجاره‌ شتێكیان ده‌گرته‌ ئه‌و خه‌ڵكه‌ی به‌ لێشاو به‌ڕێوه‌بوون. خومپاره‌یه‌كمان پێبوو، به‌ڵام نه‌مانده‌زانی چۆن ده‌توانین به‌ڕووی تانكه‌كاندا بیته‌قێنین. له‌ترسی ئه‌وه‌ش نه‌وه‌ك تانكه‌كان له‌ تۆڵه‌ی ئه‌وه‌، نه‌وه‌ك ده‌یان و سه‌دان به‌ڵكو هه‌زاران خه‌ڵكی دیكه‌ بده‌نه‌ به‌ر ئاگری گولله‌‌كانیان. ده‌ستماندایه‌ تفه‌نگه‌كانمان و بۆی ده‌رچووین. تاكه‌ شتێكی دیكه‌ش‌ كه‌ توانیم له‌گه‌ڵ خۆمدا بیبه‌م رادیۆیه‌كه‌ی باوكم بوو.
له‌نزیكترین ئاوه‌دانیدا و له‌ناوه‌وه‌ی خۆمدا كه‌وتمه‌ ململانێیه‌كی توند، نه‌مدازانی هه‌روا به‌رده‌وامبم به‌و نیازه‌ی كه به‌مزاوانه‌ له‌شكرێكی به‌رگریكردن پێكدێت و ده‌بێ شه‌ڕكه‌ین، یان بڕۆم ئه‌و دوو ئافره‌ته‌ به‌كۆشێك منداڵی ورده‌وه ده‌ربازكه‌م. دوای تۆزێك دووركه‌وتنه‌وه‌ش، بۆ بڕیاری ئه‌وه‌ی دووه‌میان په‌شیمانبوومه‌وه‌. چاكمكرد یان نا؟ تا ئێسته‌یش نازانم. باوكی كۆمه‌ڵێك له‌و‌ منداڵانه‌ فریای ده‌رچوون نه‌كه‌وت و له‌ناو شاردا مایه‌وه‌. ئه‌و به‌رگدروویه‌كی هه‌ژاری بێده‌سه‌ڵات بوو. دوو سێ رۆژ‌ دواتر له‌ناو شاردا ده‌یگرن. دایكیان به‌ چاوه‌ڕوانی هاتنه‌وه‌ی ئه‌وه‌وه‌ سه‌رینایه‌وه‌، كه‌چی كوڕه‌كان هێشتا هه‌ر چاوه‌ڕێن! ئێستا دووانیان له‌ زانكۆی سه‌لاحه‌دین ده‌خوێنن.
*****
دڵم ته‌نگه‌ و له‌ هیچ كوێیه‌ك ئۆقره‌ ناگرم. من له‌ ته‌له‌فزیۆن و هه‌واڵه‌كانی بێزاو و له‌وانه‌یه‌ ئه‌وانیش له‌ده‌ست من، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ده‌ستبه‌رداریان نابم. ده‌بێ تۆزێكی دیكه‌ش بچمه‌ سه‌ر كار و هیچ تاقه‌تی ئه‌وێشم نییه‌. خاوه‌ن كاره‌كه‌م باش ده‌زانێ چ باسه‌، به‌ڵام ئه‌و له‌ پاره‌كه‌ی به‌ولاوه‌ خه‌می هیچ شتێكی دیكه‌ی نییه‌، ده‌ڵێ شه‌ڕ خراپه‌ چونكه‌ كارده‌كاته‌ سه‌ر بازاڕ!
مانگی داهاتوویش تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی گرنگ و گرانم هه‌یه‌ و ده‌بێ بۆ ئه‌ویش خۆم ئاماده‌كه‌م.
****
دڵم ته‌نگه‌ و له‌ هیچ كوێیه‌ك ئۆقره‌ناگرم. زۆرم رق له‌شه‌ڕه‌، كه‌چی‌ ئێستا حه‌زده‌كه‌م كه‌ هه‌ر ده‌بێت، به‌زووترین كات ده‌ستپێكات و توانای چاوه‌ڕوانكردنی پانزه‌سه‌عاتی دیكه‌م نییه‌، حه‌زده‌كه‌م بچم بخه‌وم و كه‌ هه‌ڵسامه‌وه‌ قۆناغی یه‌كه‌می شه‌ڕ به‌سه‌رچووبێت.
****
له‌ بڵاگه‌ كۆنه‌كه‌مدا شیعرێكم سه‌باره‌ت به‌و شه‌ڕستانه‌ی پێیده‌ڵێن عێراق نووسیبوو، ئه‌وا دیسان لێره‌ ده‌ینووسمه‌وه‌. تكایه‌ لێم مه‌گرن.
شه‌ڕنامه
ئه‌و رۆژه‌ی که‌ تیایدا باوکم
چاوی به‌ڕووی دونیادا هه‌ڵهێنا
شه‌ڕ بوو ..
ئه‌و رۆژه‌ش که‌ دایکمی ده‌خواست،
نازانم شه‌ڕ
یان پشووی نێوان دوو شه‌ڕ بوو.
*****
شتێ ده‌گمه‌ن بێت، ناوی زۆره‌
که‌چی ناویان نه‌نام ئاشتی
گه‌رچی ساڵێک منی تێدا له‌دایکبووم
هه‌ر دوازده‌ مانگه‌که‌ی
شه‌ڕ بوو.
*****
پۆلی یه‌ک بووم
پیاو هه‌ق بڵێ
ئه‌و ئێواره‌یه‌ شه‌ڕ نا،
یاریه‌کی منداڵانی دێکه‌‌مان بوو؛
گرمه‌ی هه‌وراسای فڕۆکه‌ په‌رتی کردین
دیسان شه‌ڕ بوو...
له‌و ڕۆژه‌وه‌
ئیدی ئه‌شکه‌وتێک ماڵمان و
ماڵه‌که‌شمان
نیشانه‌‌ی مێگ و باجه‌ر بوو.
*****
باوکم حه‌فتا و چه‌ند ساڵێک ژیا
ئه‌و رۆژه‌ش که بۆ دوایین جار چاوی لێکنا
له‌ ناو شار و ده‌وروبه‌ریی
هێشتا شه‌ڕ بوو ..
ساڵان چوون و
نیه‌تم هێنا ئۆغرکه‌م و
ئه‌و شه‌ڕستانه‌ جێبێڵم
که‌ دوا لووتکه‌ی کێوه‌کانی نیشتیمانم له‌ چاو وون بوون
له‌وێ شه‌ڕ بوو .
*****
دوێنێ جه‌ژن و
به‌ تاسه‌وه‌ چاوه‌ڕوانی ده‌‌نگێکی وڵات بووم
یه‌که‌م‌ په‌یام که‌ پێمگه‌یشت
جه‌ژنانه‌ چی!
هه‌واڵی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی
هه‌زارباره‌ی شه‌ڕ بوو.
*****
باقی وه‌ ئاشتی.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/03/17

ده‌زانم، ئه‌گه‌ر ئێستا له‌وێ بوایه‌م، هێنده له‌و شه‌ڕه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ نه‌ده‌ترسام، هێنده‌ی له‌و دووری دووره‌وه‌ لێیده‌ترسێم.
خۆشتره‌ مرۆڤ هه‌میشه‌ له‌ناو گه‌رمه‌ی رووداوه‌كاندا بێت.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟