Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/02/15

ئه‌مڕۆ له‌و شاره‌ی ئێمه‌ رێپێوانێكی زل و زه‌به‌لاح دژ به‌ شه‌ڕی چاوه‌ڕوانكراو ئه‌نجامدرا. تا ئه‌مڕۆ به‌یانی، هه‌م پۆلیس و هه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانی رێپێوانه‌كه‌، چاوه‌ڕوانی سه‌دهه‌زاركه‌سێكیان ده‌كرد، كه‌چی له‌ پڕدا خۆیان له‌به‌رامبه‌ر پێنجسه‌دهه‌زار كه‌سدا دیته‌وه‌.
به‌ڕای من ئه‌مه‌ خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌یه‌كی ئاشكرای په‌ره‌سه‌ندنی بزاڤی ئاشتییه‌ و پێی خۆشحاڵم. ئه‌گه‌رچی تاڕاده‌یه‌كیش دڵنیام،‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و خه‌ڵكه‌ی ئه‌مڕۆ لێره‌ كۆببوونه‌وه‌ و ناڕه‌زایه‌تیان دژ به‌ شه‌ڕ نیشانده‌دا، ڕۆژێك له‌ عێراقی بنده‌ستی به‌عسدا ژیابان و بیاندیبا له‌وێ چی گوزه‌راوه‌ و چی ده‌گوزه‌رێ، ئاوا گه‌رم نه‌ده‌بوون.
من به‌ش به‌حاڵی خۆم به‌ هه‌موو لایه‌كدا هه‌ر نیگه‌رانم، شه‌ڕ ببێ هه‌ر نیگه‌رانم و شه‌ڕ نه‌بێ هه‌ر نیگه‌رانم، ئێستا ببێ نیگه‌رانم و مانگێكێكی دیكه‌ ببێ نیگه‌رانم. حه‌زده‌كه‌م دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ خوێنڕێژی و خوێنمژتنه‌، ده‌سه‌ڵاتی به‌عس كۆتایی بێت، به‌ڵام نایشزانم شه‌ڕ چه‌نده‌ به‌قازانجی ئه‌و خه‌ڵكه‌ به‌دبه‌خت و هیچ له‌ده‌ستنه‌هاتووه‌ی ئه‌وێ ده‌شكێته‌وه‌؟ ده‌بێ چاره‌نووسی خه‌ڵكانی ئه‌و وڵاته‌ به‌زۆرپێكه‌وه‌نراوه‌ به‌كوێ بگات؟ ده‌بێ شه‌ڕی ماڵوێرانكه‌ر چه‌نده‌ كه‌سی بێتاوان له‌گه‌ڵ خۆی به‌رێت و ده‌بێ ملهوڕێكی دیكه‌ جێگه‌ی ئه‌وه‌ی ئێستا نه‌گرێته‌وه‌؟
ئه‌وه‌نده‌ی ده‌یزانم، خه‌ڵكی عێراق تێكه‌ڵه‌یه‌كی سه‌یره‌. هیچ دوور نییه‌ له‌پاڵ ئه‌و هه‌موو دابه‌شبوونانه‌ی ئێستایدا، هی دیكه‌شی بۆ زیاد نه‌بن. ئه‌وكات هه‌ر گرفتی كورد و عه‌ره‌ب، شیعه‌ و سوننی، ئیسلامی و عیلمانی ناببنه‌ مایه‌ی ئاژاوه‌نانه‌وه‌، به‌ڵكو توركومان و ئه‌وانی دیكه‌ و ئه‌مه‌ریكی و نا ئه‌مه‌ریكیشی دێنه‌سه‌ر.
خۆ به‌ناشوكری نه‌بێ، ئه‌و ده‌سه‌ڵاتداره‌ به‌باهاتووانه‌ی خۆشمان له‌و ده‌دوازده‌ ساڵه‌ی رابردوودا شتێكی وایان بنیات نه‌نا به‌رگه‌ی شه‌ماڵێكیش بگرێت چ بگات به‌ ره‌شه‌با.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/02/11

هه‌موو رۆژێ تا ئێواره‌
به‌ تاسه‌وه‌
چاوه‌ڕوانی ئارامیی شه‌وانم...

شه‌ویش كه‌ دێت
بێ ئۆقره‌م و
تاكو به‌یان
هیواخوازی هه‌ڵهاتنی یه‌كه‌م تروسكه‌ی
تیشكی ئاسۆی به‌ربه‌یانم ...

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

جه‌ژنی قوربانه‌، جه‌ژنی هه‌موو ئه‌وانه‌ پیرۆز كه‌ ئه‌مڕۆ به‌ جه‌ژنی خۆیان ده‌زانن و یان هه‌ستی جه‌ژنیان هه‌یه.
*****
به‌لامه‌وه‌ هێنده‌ گرنگ نییه كه‌ ئه‌وانی دیش بیروبۆچوونیان وه‌ك من بێت، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ بیروبۆچوونه‌ جیاوازه‌كان له‌و جۆره ‌بن كه‌ ده‌توانن ‌له‌ته‌ك یه‌كدا هه‌ڵكه‌ن.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

سوپاس بۆ ئێوه‌ش هاوسێكانم؛
به‌راستی به‌شێكی زۆری خۆشیه‌كه‌ی ئه‌و رۆژه‌م له‌ ئێوه‌وه‌ بوو‌، ئه‌گه‌ر نا رۆژێك وه‌ك زۆربه‌ی رۆژه‌كانی دیكه‌، دوو سه‌عات ده‌رس له‌ زانستگه‌ و حه‌وت سه‌عاتیش كار.
*****
تـــــــــــــــه‌وارخــــان له‌وانه‌یه‌ هه‌م ئه‌میشیان بیت هه‌م ئه‌ویشیان، ئاخر كورد به‌ مرۆڤی زرنگ و وریا ده‌ڵێن شه‌یتان و دیاره‌ شێخیش هه‌ر له‌و جۆره‌ شێوازانه‌یان به‌كارهێناوه‌ تا بوون به‌ شێخ و ناویانده‌ركردووه‌. «ئه‌رێ به‌راست دڵت ده‌ڵێ ناوی په‌یوه‌نده‌ یان "Paiuand71"». به‌ڵێ ته‌وار ناوی په‌یوه‌نده‌ و ئه‌وكاته‌ی ئه‌و وێنه‌یه‌ی گیرا ته‌مه‌نی دوو مانگ و شتێك بوو، ئه‌مڕۆش ته‌مه‌نی 100 ڕۆژه‌. دایكی ده‌ڵێ: "سه‌دله‌سه‌د كۆپی تۆیه‌ و منیش هه‌ر ماندوو بوونه‌كه‌م پێبڕاوه‌".
لانه‌وازی ئازیز، به‌ڵێ كوڕی منه‌، به‌ڵام نه‌مزانی بۆ ئه‌گه‌ر كوڕی من بێت، سه‌د هه‌زار جاری دیكه‌ش رۆژه‌كه‌م پیرۆز؟
گوڵه‌گه‌نم خان راستده‌كه‌ی دیاره دوو سێ رۆژ له‌تۆ بچوكترم، هیوادارم به‌ برا بچوك قه‌بوڵمانكه‌ی.
*****
دیسان سوپاس بۆ هه‌مووان ...

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/02/10

"كه‌ هه‌م، ئه‌وه‌ خۆی بڕینی نیوه‌ی ڕێگا‌یه‌، بڕینی ئه‌و نیوه‌كه‌ی دیكه‌ی، ده‌بێ خۆم مشووری بخۆم."
له‌ رۆژێكی ساردی زستانی وه‌ك ئه‌مڕۆدا له‌دایكبووم.
سوپاس دایكه،‌ هه‌رچه‌ند دووره‌ ده‌ستی،
سوپاس باوكه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌مێكه‌ له‌ناوماندا نه‌ماوی.


ئه‌وه‌ش زێده‌كه‌م:



ئه‌وه‌ش کۆپی یه‌که‌مم:


سوپاس ئه‌ی كانیه‌ ساف و بێگه‌رده‌كه‌ی ناو دێبه‌ر و
سوپاس ئه‌ی دارگوێزه‌ باڵابه‌رزه‌كانی به‌رماڵان.
سوپاس بۆ ئێوه‌ و سوپاس بۆ داهێنه‌رتان.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟