Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2003/01/11

جیاوازی نێوان من و تۆ؛
جیاوازی نێوان دوو ده‌ست و
دوو دیتنی یه‌ك جیهانه‌

زێدمان یه‌كه‌ و
ئه‌وه‌ش وا لێكمان داده‌بڕێ
رێی هه‌ڵكشان رووه‌و ئاسمانه‌ ....

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/01/09

هه‌ر ده‌ڵێی هه‌زار پارچه‌م و به‌ زۆری كراوم به‌یه‌ك. ده‌ڵێی هه‌ر پارچه‌یه‌ك له‌وانه‌ له‌ ئه‌ستێره‌یه‌كه‌وه‌ هێنراوه‌ و به هه‌موو پارچه‌كانی دیكه‌م نا ئاشنایه‌. راستیتان ده‌وێ ئه‌مشه‌و نه‌ ده‌زانم خه‌ڵكی كوێم و نه‌ ده‌یشزانم له‌كوێم، ئاخر نایشزانم ده‌مه‌وێ له‌كوێ بم. ده‌ڵێی له‌ هیچ كوێیه‌ك ئۆقره‌ ناگرم و ده‌بێ هه‌ر به‌ ئومێدی نیشتنه‌وه‌ به‌ ئاسمانه‌كانه‌وه‌ بسوڕێمه‌وه‌.
منداڵ بووم و‌ كه‌ ده‌یانگوت سه‌رۆك گه‌وره‌یه‌، وامده‌زانی گه‌وره‌ییه‌كه‌ی و‌ك به‌رزی دار سپیداره‌كانی به‌رماڵان وایه‌، كه‌ تۆزێك فاممكرده‌وه‌ دیتم گه‌وره‌ییه‌كه‌ی ئه‌و له‌ جۆرێكی دیكه‌یه‌. بووم به‌ مێر منداڵ و هه‌موو خۆشیه‌كم له‌ ده‌نگی شوكروڵڵای باباندا ده‌دیته‌وه‌، هه‌موو حه‌زم ئه‌وه‌ بوو رۆژێك رووبه‌ڕوو ئه‌و ببینم، نه‌مدیت و ئه‌و حه‌زه‌یشم پووكایه‌وه‌. سه‌رده‌مێك ئاواته‌خوازبووم به‌دیداری ئه‌و مرۆڤه‌ سیاسیه‌ بگه‌م، كه ‌وامده‌زانی ئه‌و رزگاریهێنه‌، رۆژێكیش تیایدا رووبه‌‌ڕووی ئه‌و بوومه‌وه،‌ هیچ جیاوازیه‌كی له‌گه‌ڵ رۆژانی دیكه‌مدا نه‌بوو. زۆرم حه‌زی دیكه‌ هه‌بوون و زۆریشیان هاتنه‌دی، كه‌چی رۆحم هه‌رگیز دانه‌مركا و به‌سه‌ر هیچ كام له‌و لقه‌ دره‌ختانه‌ی حه‌ز و ئاره‌زووه‌كان نه‌نیشته‌وه‌.
نازانم بۆ؟ بۆیه‌ ده‌ڵێم ئه‌و ژیانه بریتیه‌ له‌ زنجیره‌ سه‌ڕابێكی نه‌پساوه‌ .
ئه‌رێ ده‌بێ سه‌ڕابه‌كان كه‌ی دواییان بێت و سنووره‌كانی سه‌رابستان تا كوێ بڕۆن؟
هیوادارم مه‌رگ دوایینیان نه‌بێت، ئه‌گه‌ر تا به‌رپای ئه‌ویش په‌ل ده‌كێشن، ئه‌وا ئه‌و دواییان پێبێنێت.

شه‌وێكی ئاوا
مه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نیا
هه‌ناسه‌ی گه‌رمی تو بێ و بمگاتێ .....

ده‌بێ ئه‌ویش سه‌راب‌ نه‌بێت؟

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/01/07

پایزی رابردوو ده‌ستمكرد به‌ نووسینی بابه‌تێك سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی، كه‌چی وه‌ك زۆر جاری دی، دوای نووسینی سێ چوار لاپه‌ڕه،‌ وازمهێنا. ئه‌وا چه‌ند رۆژێكه‌ ده‌مه‌وێ بچمه‌وه‌ سه‌ر كۆنه‌ بابه‌ت و تێهه‌ڵچمه‌وه‌.
له‌و نووسینه‌مدا ده‌مه‌وێ سه‌ره‌تا باسی جۆره‌كانی ده‌سه‌ڵاتی ره‌وا لای ماكس ڤێبه‌ر بكه‌م، ئینجا له‌به‌ر رۆشنایی ئه‌و دا‌به‌شكردنه‌ی ئه‌و، مێژووی ده‌ ساڵی رابردووی ‌ده‌سه‌ڵاتی كوردی بخوێنمه‌وه‌. ئایا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ دێ فاكتۆیه‌ی كه‌ هه‌یه‌ شتێكی له‌ ره‌وایه‌تی وه‌ده‌ستهێناوه‌ یان ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌پێنه‌؟ ئه‌گه‌ر ره‌وایه‌تیه‌ك به‌خۆیه‌وه‌ شكده‌بات، سه‌رچاوه‌كه‌ی چییه‌ و كوێیه؟
من پێموایه‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌مه‌ن نه‌چه‌ندان درێژه‌ شتێك له‌ ره‌وایه‌تی وه‌ده‌ستهێناوه‌ و ئه‌وه‌شی وه‌ك میراتێكی قۆناغی خه‌بات بۆ ماوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ راپه‌ڕینی ساڵی 1991 دا ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ده‌بێ بڕیارگه‌لێك بدات كه‌ بۆ ئاینده‌ی ته‌واوی نه‌ته‌وه‌ چاره‌نوسسازن و خودی ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ش ره‌نگڕێژ ده‌كه‌ن. دیاره‌ له‌به‌ر چه‌ندین هۆی جیاجیا، ده‌سه‌ڵاتی كوردی له‌ زۆر بواری گرنگدا یه‌كلانه‌بۆته‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئاسۆی ئاینده‌ی هێنده‌ نادیار نییه‌ و مرۆڤ ده‌توانێ له‌ژێر رۆشنایی ئه‌و ده‌ساڵه‌ی ژیانیدا شتێكی سه‌باره‌ت بڵێت.
به‌ر له‌ هه‌ر شتێك ده‌شێ باسی دواییهاتنی قۆناغی شۆڕش و پێشمه‌رگه‌ بكرێت، ئاخر ئه‌گه‌ر راپه‌ڕین سه‌ركه‌وتنێكی سیاسی حاشاهه‌ڵنه‌گر بێت، ئه‌وا شكستێكی ئه‌خلاقی به‌رچاوی به‌دوای خۆیداهێناوه‌. ئه‌گه‌ر ته‌واوی حیزبه‌ كوردیه‌كان به‌جۆرێك له‌ جۆره‌كان به‌ڵێنی ئه‌نجامدانی شۆڕشێكی كۆمه‌ڵایه‌تیان هاوشانی شۆڕشه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كه‌ دابێت، ئه‌وا راپه‌ڕین و ئه‌و ده‌ساڵه‌ی ته‌مه‌نی ده‌سه‌ڵاتیان، له‌گۆڕنانی ئه‌و به‌ڵێنانه و چه‌ندینی دیكه‌ بوون. هه‌رچی په‌یوه‌ندیشی به‌ خودی ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌، دیاره‌ له‌باربردنی ئه‌نجامه‌كانی هه‌ڵبژاردنی ساڵی 1992 و شه‌ڕی براكوژی شكانه‌وه‌یه‌كی به‌رچاوه‌ به‌لای خۆسه‌پێنیی و ده‌سه‌ڵاتی ناره‌واوه‌.
ئاخر له‌وانه‌یه‌ شۆرشی كوردیش له‌و رێسایه‌ی ‌له‌باربردنی ئامانجی شۆڕشه‌كان دوای چوونه‌سه‌ر خوانی ده‌سه‌ڵاتیان به‌ده‌ر نه‌بێت. به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگه‌ی مه‌ترسی و داخه‌ ئه‌وه‌یه كه هێشتا‌ كێشه‌كه‌ی له‌مه‌ڕخۆمان له‌گه‌ڵ دراوسێ ناته‌باكانماندا به‌یه‌كجاری یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2003/01/06

رۆژانی دووشه‌ممه‌ له‌ سیمینارێكدا به‌شداریده‌كه‌م كه‌ تێیدا باسی چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ بابه‌تی كولتوور و فره‌كولتووری له ‌كاتی گوتنه‌وه‌ی ده‌رسی زمانی ئه‌ڵمانی به‌ بیانیان ده‌كرێت.
هیچ رۆژێك ده‌رسه‌كه‌مان وه‌ك ئه‌مڕۆ تاقه‌تبڕ نه‌هاتۆته‌ به‌ر چاو. باس باسی پاشماوه‌ی جیاوازیه ‌كولتووریه‌كانی نێوان ئه‌ڵمانی رۆژهه‌ڵات و ئه‌ڵمانی رۆژئاوابوو. نازانم بۆچی ته‌واوی قوتابیه‌ ئه‌ڵمانه‌كان له‌گه‌ڵ كردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌كه‌ سه‌رودڵیان تێكچوو، له‌ماوه‌ی سه‌عات و نیوێكدا زۆر كه‌میان ئاماده‌بوون قسه‌یه‌كی خێر له‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن و ئه‌وانه‌ش كه‌ قسه‌یانكرد به‌شه‌رمه‌وه‌ ده‌یانكرد.
زۆرم به‌لاوه‌ سه‌یر بوو، وامده‌زانی حه‌زده‌كه‌ن باسی ئه‌وجۆره‌ بابه‌تانه ‌بكرێت و خۆشحاڵ یان ناڕازی بۆچوونی خۆیان له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ربڕن. حه‌زده‌كه‌م بزانم بۆ؟ خۆ ئه‌وه‌ بابه‌تێكه‌ زوو زوو مێدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ ده‌یكه‌نه‌ پرسێكی گه‌رمی رۆژ.
ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی له‌تله‌تكراویش رۆژێك یه‌كبگرینه‌وه،‌ ده‌بێ چۆن باسی خۆمان و یه‌كدی بكه‌ین؟

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

"چشمهارا باید شست
جور دیگر باید دید"

"سهراب سپهری"

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟