Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2002/12/31

سبه‌ی ساڵێكی نوێ ده‌ست پێده‌كات. حه‌زده‌كه‌م هه‌ر رۆژێكم جیا له‌ رۆژی پێشووتر بێت، وه‌لێ ناوێ. پێمخۆشه‌ هه‌موو مانگێك هه‌ر هیچ نه‌بێت هه‌نگاوێك بچمه‌پێش، ئه‌مما سه‌خته‌. ئاره‌زوومه‌ هه‌موو ساڵێك قۆناغێكی نوێی ژیانم ده‌ستپێكه‌م، ئه‌گه‌ر هه‌لومه‌رج ده‌رفه‌تم بدات. ئه‌و حه‌ز و ئاره‌زووانه‌ نه‌بن، نازانم ساڵێكی نوێ چ مانایه‌كی هه‌یه‌‌؟ ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆم وه‌ك دوێنێ بێت و ساڵه‌كانیشم كۆپی یه‌كتر بن، ئه‌وا نازانم دڵم به‌ساڵی نوێی چی خۆش بێت؟
كوردم، به‌كوردبوونی خۆیشم یه‌ك زه‌ڕڕه شه‌رمم نییه و هه‌ر چه‌نده‌ له‌توانایشمدا بێت به‌رهه‌ڵستكاری ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ده‌یانه‌وێ ده‌سكاری كاری خوا بكه‌ن و كوردبوونم بشێوێنن. به‌ڵام پێشموانییه‌ ئه‌و كوردبوونه‌م‌ هیچ ئیمتیازێكم پێببه‌خشێت كه‌ ئه‌وانی دی نه‌یانبێت یاخود شایسته‌ی نه‌بن.
به‌دوور له‌ هه‌ر لێكدانه‌وه‌یه‌كی ره‌گه‌زپه‌رستانه‌ و هه‌ر بۆچوونێكی ئه‌فسانه‌یی، سه‌ری ساڵی خۆم له‌ ده‌ستپێكی به‌هاردا ده‌بین. نازانم بۆ، ، حه‌زم زۆر له ‌به‌فره‌، «له‌وانه‌یه له‌به‌ر ئه‌وه‌بێت‌ كه‌ له‌ ده‌ رۆژی ناوه‌ڕاستی زستاندا له‌دایكبووم». وه‌لێ ئه‌و هه‌سته‌ لاوه‌ی بارانی به‌هاران پێمده‌به‌خشێ، به‌فر و به‌سته‌ڵه‌كی ئێستا شكی نابه‌ن. له‌ به‌هاردا، نۆژه‌نبوونه‌وه‌ی زه‌وی و ته‌واوی ئه‌و بوونه‌وه‌رانه‌ی له‌سه‌ری ده‌ژین، ده‌بینم.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌، پیرۆزبایی «ساڵی نوێ» له‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مشه‌ و سبه‌ی هه‌ستی نوێبوونه‌وه‌ی ساڵێكی دیكه‌یان هه‌یه‌.
ساڵی نوێتان پیرۆز و هه‌موو رۆژێكتان ژیانێكی نوێ بێت.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟