Naistan

 

دراوسێكان

| ئه‌رشیڤ | ئێمه‌یل |

به‌خێر بێن ..... ئیحسان ناوێك ئه‌م بڵاگه‌ ده‌نووسێت..... ئێوه‌ش ده‌توانن كۆمێنت بنووسن.

2002/12/20

نازانم ده‌بێ رۆشنبیرانی چ نه‌ته‌وه‌یه‌ک هێنده‌ی رۆشنبیرانی کورد بێده‌ره‌تان بن، هه‌روا نایشزانم رۆشنبرانی کام نه‌ته‌وه‌ هێنده‌ی رۆشنبیرانی کورد هاوزمانانیان به‌ قه‌رزدار و منه‌تباری خۆیان ده‌زانن. ئاخر پۆزێک که‌ رۆشنبیری کورد به‌سه‌ر خوێنده‌وار و نه‌خوێنده‌واری هاوزمانیدا لێیده‌دا، ئه‌گه‌ر بێ وێنه‌ش نه‌بێت ئه‌وا دڵنیام که‌ که‌م وێنه‌یه‌.
دیاره‌ یه‌کێک له‌ به‌رهه‌مه‌کانی مۆدێرنه‌، جا چ به‌ ره‌حمه‌ت بێت یان به‌ نه‌فره‌ت، به‌ پیشه یان باشتر بڵێم به‌ فرمانکردنی زۆرێک له‌و کارانه‌یه‌ که‌ پێشتر وا نه‌بوون. هه‌ر بۆ نموونه‌ سیاسه‌تکاری تاپۆی سه‌ر چه‌ند که‌س یان بنه‌ماڵه‌یه‌کی تایبه‌ت بوو، خه‌به‌رێکی ئه‌وتۆش له‌ سیاسه‌تزانی نه‌بوو. زانست و مه‌عریفه‌یش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه. ئه‌گه‌ر ئێمه‌ ئه‌م دووانه‌ له‌ مه‌ڵبه‌ند و شوێنه‌ دینییه‌کان بێنینه‌ده‌ر، ئه‌وه شوێنێکی ئه‌وتۆی دیکه‌یان له‌ کۆمه‌ڵگه‌ی کۆندا بۆ نامێنێته‌وه‌ و هه‌تیو ده‌که‌ون. په‌روه‌ده‌ و فێرکردن و چه‌ندین کار و مه‌شغه‌ڵه‌تی دیکه‌یش هه‌ر به‌ هه‌مان شێوه‌. ماکس ڤێبه‌ری کۆمه‌ڵناس به‌ تێرو ته‌سه‌لی باسی له‌ سیاسه‌ت و زانست وه‌ک پیشه‌کردووه‌ و بۆ زانیاری زیاتر ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر نووسینه‌کانی ئه‌و خۆی.
دیاره‌ له‌ ده‌وران و کۆمه‌ڵگه‌ی نوێدا رۆشنبیران کاره‌که‌یان به‌ پیشه‌بووه‌ و ئیدی وه‌ک خاوه‌ن هه‌ر پیشه‌یه‌کی دیکه‌ ئه‌دیب و نووسه‌ر و بیرمه‌ندانیش زۆربه‌ی کات له‌گه‌ڵ کاره‌کانیان و هه‌ر به‌و کارانه‌یشیانه‌وه‌ ده‌ژین. نیازم نییه‌ باس له‌ کاریگه‌ریه‌ ئیجابی و سه‌لبیه‌کانی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بکه‌م و پێموایه‌ ئه‌مه‌ کارێکی هێنده‌ ئاسان نییه‌. به‌ڵام دیاره‌ له‌ ئه‌نجامی ئه‌و گۆڕانکاریه‌وه‌، رۆشنبیران جۆره‌ سه‌ربه‌خۆییه‌کی ماددیان له‌به‌رامبه‌ر کۆمه‌ڵگه‌دا وه‌ده‌ست هێناوه‌ و له‌به‌رامبه‌ریشیدا کاره‌که‌یان ئیدی به‌جۆرێکی دیکه‌ ته‌ماشای ده‌کرێت و خۆشیان ئه‌و ئیمتیازگه‌له‌ی ‌جارانیان له‌ده‌ستداوه. له‌وێوه‌ ئیدی نووسه‌ور و ئه‌دیب و هه‌تا فه‌یله‌سوفیش و‌ه‌ک دوکتۆر و دارتاش و بازرگانێک پیشه‌ی خۆی دیاره‌ و له‌سه‌رووی توێژه‌ پیشه‌یی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌‌کانه‌وه‌ نییه‌.
دیاره‌ هێشتا ئه‌و فارغۆنه‌ی کۆتایی شه‌مه‌نده‌فه‌ری مۆدێرنه‌ نه‌گه‌یشتۆته‌ لای ئێمه‌ و تا ئێستاش رۆشنبیری کورد ئه‌وه‌ی ده‌یکا وه‌ک‌ به‌خششێکه‌ له‌ پێناو نه‌ته‌وه‌که‌یدا و ئه‌وه‌ی له‌به‌رامبه‌ریشیدا چاوه‌ڕوانیده‌کات رێزگرتنێکی تایبه‌تی گۆمه‌ڵگه‌یه‌ لێی.
شتێک که‌ ناکرێ نکۆڵی لێبکرێ ئه‌وه‌یه‌ کاری رۆشنبیری لای ئێمه‌ ئه‌گه‌ر ته‌نیا بۆ ناوده‌رکردن و خۆده‌رخستن نه‌بێت، ئه‌وا به‌ر له‌ هه‌ر شتێکی دیکه‌ تێرکردنی حه‌زێکی ناوه‌وه‌ی که‌سی رۆشنبیر خۆیه‌تی. شاعیر به‌رله‌وه‌ی شیعرێک بۆ ئه‌وانی دی بنووسێت، به‌ده‌نگ هاواری ده‌روونی خۆیه‌وه‌ ده‌چێت. رۆمان نووسێک به‌ر له‌وه‌ی بۆ ئه‌وانی دی بنووسێت، دونیایه‌‌کی له‌ ناو خۆیدا خوڵقاندووه‌ و ده‌بێ بیخاته‌ سه‌ر کاغه‌ز. کاری ره‌خنه‌گرێکیش و ...هتد هه‌روا. ئیدی ئه‌و خۆ به‌زل زانین و پۆزلێدانه‌ له‌کوێوه‌ دێت؟ من نایزانم.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟

2002/12/19

نیازمه‌ هه‌واره‌که‌م بگوێزمه‌وه‌ ئێره‌.
ده‌ بڵێن به‌خێر، با منیش پێتان بڵێم ئێوه‌ش به‌خێر هاتن.
هێندێکیشم که‌ل و په‌ل و شیعر‌ له‌ کۆنه‌ هه‌واری ماون، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ بیانبینن، ئه‌وه‌ رێگای کۆنه‌ هه‌وار:
http://ihsan.persianblog.com
بۆ ئه‌وێش هه‌ر به‌خێر هاتن.

ئێوه‌ ده‌ڵێن چی؟