چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر و به دره‌نگه‌وه نووسینه‌كه‌ی به‌ختیار عه‌لیم سه‌باره‌ت به كۆچ خوێنده‌وه. نووسینه‌كه به دوو به‌ش له گۆڤاری ره‌هه‌نددا بڵاوكراوه‌ته‌وه. پێموایه ئه‌م نووسینه‌ی به‌ختیار هه‌وڵێكی جیددیه بۆ به بابه‌تکردنی دیارده‌یه‌ك كه كاریگه‌رییه‌كی زۆری به‌سه‌ر ئێستا و دواڕۆژی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیه‌وه هه‌یه و ده‌بێت. بۆیه پێموایه بابه‌تێكه شایانی خوێندنه‌وه و لێوردبوونه‌وه‌یه.
به‌ختیار له دووتوێی نووسینه‌كه‌یدا گه‌لێك له بۆچوونه سۆسیۆلۆژیه نوێ و هاوچه‌رخه‌كانی خستوونه‌ته روو، هه‌ر له بۆچوونه‌كانی سۆسیۆلۆگێكی كلاسیكی وه‌ك زیملهوه بگره تا بۆچوونه‌كانی فێنۆمێنۆلۆژیستێكی وه‌ك شوتس و دواتر پارك و تا ده‌گاته هاوچهرخێكی وه‌ك نۆیمان.
دوای خوێندنه‌وه‌ی هه‌ردوو به‌شی بابه‌ته‌كه چه‌ند تێبینیه‌کم یان باشتر بڵێم چه‌ند سه‌رنجێکم لا گهلاڵهبوون كه حه‌زده‌كه‌م بیانخه‌مه‌ڕوو.
1. پێموایه یه‌كێك له‌و شتانه‌ی كه له هه‌مان كاتدا هه‌م بابه‌ته‌كه‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندكردووه و هه‌م وه‌ك مه‌ترسیه‌ك بۆ سه‌ر زانستیبوونی نووسینه‌كه ئه‌وه‌یه كه نووسه‌ر خۆی كۆچبهرێكه و له ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانه‌وه ژیانێكی كۆچبه‌رانه ده‌ژیه‌ت. ئه‌مه وایكردووه كه نووسه‌ر له نزیكه‌وه هه‌ست و ده‌رك به بار وهه‌لومه‌رجی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سی كۆچبه‌ر و كۆچبه‌ران بكات، به‌ڵام له هه‌مان كاتیش‌دا هه‌میشه وه‌ك مه‌ترسیه‌كی له‌باربه‌ری هه‌ڵسه‌نگاندن و لێكدانه‌وه‌یه‌كی زانستیانه به ناو دێڕه‌كانی نووسینه‌كه‌دا ده‌خولێته‌وه.
2. له‌م نووسینه‌یدا كاك به‌ختیار به دورودرێژی باسی باری ده‌روونی كۆمه‌ڵایه‌تی كه‌سی كۆچبه‌ری كورد ده‌كات، هه‌ستده‌كه‌م زۆربه‌ی بۆچوونه‌كانیشی وه‌سفكردنێكی دروست و راستگۆیانه‌ی ئه‌و كه‌سێتییه بن، به‌ڵام به‌بێ پشتبه‌ستن به توێژینه‌وه‌كی مه‌یدانی و ئێمپیری ناتوانین هه‌روا ته‌سلیمی ئه‌و ده‌ره‌نجامانه بین كه نووسه‌ر پێیانگه‌یشتووه، هه‌ر بۆ نموونه به‌ختیار باس له‌وه‌ده‌كات كه كۆچبه‌ری كورد دوای ئه‌وه‌ی كه ده‌گاته شوێنی مه‌به‌ست هه‌ستێكی گوناهـ و خۆ بهخهتابارزانینی لادروستده‌بێت. نازانم به‌بێ توێژینه‌وه‌كی ئێمپیری چۆن ده‌توانین بۆچوونێكی له‌مجۆره ئاوا تهعمیمكهین؟ هه‌ربۆ نمونه له‌و باره‌یه‌وه له چه‌نین كۆچبهرم پرسی كه له كاتی كۆچكردنیاندا ته‌مه‌نیان له‌سه‌رووی 25 ساڵیشه‌وه بووه، كه‌چی به‌توندی ئه‌و بۆچوونه‌یان ره‌تده‌كرده‌وه و به‌هیچ جۆرێك هه‌ستیان به‌و هه‌سته‌ی گوناهـ و خۆ بهخهتابارزانینه نه‌كردووه و ناكه‌ن. منیش نامه‌وێ ئه‌و پرسینهم تهعمیمكهم و پێچه‌وانه‌ی راكه‌ی كاك به‌ختیار بسه‌لمێنم، به‌ڵام به گرنگیشی ده‌زانم بۆ گه‌یشتن به ده‌ره‌نجامی له‌مجۆره پشت به ئێمپیری ببه‌ستین و ئه‌و بۆچوونانه‌ی كه لای نووسه‌ر گریمانه‌ن له‌م ڕێگایه‌وه پشتقایمبكرێن.
3. كاك به‌ختیار له وه‌سفكردن و خستنه‌ڕووی په‌شێوی حاڵی كۆچبه‌ری كورددا كه‌متر یان ده‌توانم بڵێم زۆر كه‌م لای به‌لای ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌دا كردۆته‌وه كه كۆچبه‌رانی كوردیان گرتوونهتهخۆ. پێموایه یه‌كێك له‌و فاكته‌ره ههرهگرنگانهی كه پڕۆژه‌ی كۆچ به ئامانجه ئیجابیه‌كانی خۆی ده‌گه‌یه‌نێت و یانیش پڕۆژه‌كه تووشی شكست ده‌كات، هه‌ڵوێستی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه‌یه كه داڵده‌ی په‌ناهه‌نده و كۆچبه‌ران ده‌ده‌ن. پێموانییه ته‌نیا كه‌سی كۆچبه‌ر و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ی كه ئه‌وی لێوه‌هاتووه له پڕۆسه‌ی به ئامانجگهیانده یان شكستپێهێنانی پڕۆژه‌ی كۆچدا كارا و كاریگه‌ر بن. ئه‌گه‌ر بشمانه‌وێ ده‌ره‌نجامه‌كانی كۆچی به‌ربڵاو و به لێشاوی كوردان زانستیانه هه‌لسه‌نگێنین، ده‌بێ له‌لایه‌ك هه‌لومه‌رجی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه بۆچوون، ره‌فتار، چاوه‌ڕوانی و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و كۆمهڵگایانهشمان له ئاست كۆچبه‌راندا له‌به‌رچاو بێت كه ژماره‌یه‌كی زۆری كوردیان داڵدهداون. ده‌كرێ كاریگه‌ری رۆڵی ئه‌و كۆمه‌ڵگایانه له جیاوازی باری كۆچبه‌رانی كورد له وڵاته جیاوازه‌كاندا تاڕاده‌یه‌ك تاووتوێبكرێت و بخرێته‌روو.
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
رۆژێکی ره‌ش و خوێناوی بوو. به‌داخه‌وه!
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
ساڵ‌ونیوێك زیاتره به‌ده‌ست ئه‌و پیته بزوێنه كوردیه‌وه ده‌ناڵێنم، كه له هه‌موو پیته‌كانی دیكه زیاتر دووباره ده‌بێته‌وه. زۆریشم پێشنیاركردن، كه تا مایكرۆسۆفت زمانی كوردی بۆ ویندۆز زیادده‌كات، با ئێمه چاره‌سه‌رێكی كاتی ئه‌و گرفته بكه‌ین. دیار بوو كه‌س به‌ده‌نگمه‌وه نه‌هات.
یه‌كێك له پێشنارهكان ئه‌وه‌بوو كه بتوانین بۆ نووسینی (ه) له جیاتی پیتی ه و ئینجا شیفت و ه، ته‌نیا یه‌ك دوگمه به‌كار بێنین.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و به‌ر ئۆفیسی 2003 بڵاوكرایه‌وه و دیاره مایكرۆسۆفت له‌وێدا چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ی كردووه، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ كاریگه‌ریه‌كی بۆ سه‌ر به‌شه‌كانی دیكه‌ی ویندۆز نه‌بوو.
ئاخیره‌كه‌ی ناچاربووم خۆم به ته‌نیا قۆڵی لێ هه‌ڵماڵم و شوكر خۆشبه‌ختانه ئه‌مشه‌و گرفته‌كه‌م چاركرد. ئه‌و چه‌ند دێرانه‌ی ئێستا ده‌یاننووسم، یه‌كه‌م تێكسته كه به‌م شێوه‌یه ده‌ینووسم.
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
به‌یانی بوو له خه‌و هه‌ڵسام كه ڕوانیم به‌فره باریوه
هه‌تا ئێواره‌یه‌كی دره‌نگیش كڵۆ به‌فره‌كان هه‌ر به‌ڕێوه‌بوون، كه‌چی حه‌یفێ ماوه‌یه‌كه ورده بارانێك جێگه‌ی ئه‌وانی گرتۆته‌وه.
چه‌ند ساتێكی ناخۆش نه‌بوون، به‌تایبه‌ت ئه‌و كێك و چایه گه‌رمه‌ی كافیتێریای دوایین نهۆمی باڵه‌خانه بیست نهۆمییه‌كه.
ده‌مێك بوو چاوه‌ڕێی به‌فرێكی وا بووم موژده بێ باری
ئێوه ده‌ڵێن چی؟

ئه‌رێ هه‌رگیز به خه‌یاڵتاندا ده‌هات رۆژێك ئه‌و "پیاوه" ئاوا به‌ده‌ست به‌ستراوی ببینن؟
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
رۆژێك دوای بوومه‌له‌رزه‌كه‌ی "به‌م" بوو كه چووینه بازارگهی "خاورمیانه" تا هێندێك برنج و شتی دیكه بكڕین. وه‌ك ههمووجارهكانی دیكه له به‌رهه‌می موسیقی نوێیشم پرسی، به تایبه‌تیش له به‌رهه‌می ئه‌و، به‌داخه‌وه خاوه‌ن بازاڕگهكه هه‌ر نه‌یده‌ناسی.
چووینه سه‌فه‌ر و دوێنێش له سه‌فه‌ره‌كه‌مان گه‌ڕاینه‌وه. دڵم هه‌ر لای قوربانیان و زیاتریش به‌جێماوانی قوربانییه‌كانی بوومه‌له‌رزه‌كه بوو.
ئه‌مڕۆش كه چاوم به سایتی "ایران امروز" دا ده‌خشاند له‌ناكاو ناوی ئه‌وم بهرچاوكهت، بەداخهوه دیاره ئه‌ویش یه‌كێك بووه له قوربانیه‌كان.
ئێستا ده‌ڵێی كه‌سێكی نزیكم له‌ده‌ستداوه، ئاخر ده‌نگه‌كه‌ی زۆر كاریگه‌ر و به‌سۆز بوو. حه‌یفێ ئیدی ئیره‌جی بهسطامیش شتی نوێمان بۆ ناڵێت.

ئێوه ده‌ڵێن چی؟
دیاره زۆرینه‌ی خه‌ڵكی زۆربه‌ی شوێنه‌كان به‌تاسه‌وه چاوه‌ڕوانی جه‌ژن و بۆنه ئایینی، نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانییهكانیانن. ئه‌وروپاو جیهانی مه‌سیحیش ئێستا سه‌رگه‌رمی جه‌ژنه‌كانی كریسمه‌س و سه‌ری ساڵن. خزمینه ده‌زانن بۆ ئێمه‌ی بیانی ئه‌و رۆژانه له رۆژانی دیكه زۆر سه‌ختتر ده‌گوزه‌رێن! باشه من له‌شارێكی گه‌وره ده‌ژیه‌م و هه‌میشه جموجۆڵێكی تێدایه، به‌ڵام ده‌بێ ئه‌وانه‌ی له‌شارۆچكه و لادێكان ده‌ژیه‌ن ئه‌م رۆژانه چۆن به‌سه‌ر به‌رن؟
به ئه‌ڵمانی به جه‌ژنی كریسمه‌س ده‌ڵێن ڤایناختن Weihnachten، دوێنێ هاوڕێیه‌كی شیرازیم ده‌یگوت ئه‌مه ڤایناختن نییه و واوهیلاناختنه.
ئه‌وه بۆ من كه جه‌ژن نه‌بوو، نازانم بۆ ئێوه‌ش؟
سبه‌ی نیازی سه‌فه‌رێكی چه‌ند رۆژه‌م هه‌یه و ئه‌گه‌ر تا سه‌ری ساڵ نه‌هاتمه‌وه، ساڵی نوێتان پیرۆز بێت و هیوای چه‌ند ساتێكی به‌خته‌وه‌رتان بۆ ده‌خوازم.
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
ئه‌وا صه‌دام حوسێنیش كهوتهداو و ئه‌و مانگرتنه‌ی خوێندكارانی زانكۆكانی ئه‌م شاره هه‌ر كۆتایی نه‌هات.
له ده‌ستگیركردنی ئه‌و فسفسپاڵهوانهیش هه‌مان خه‌فه‌تم هه‌یه، بۆ ده‌بێ فسفسپاڵهوانێكی ئاوا ئه‌و هه‌موو ساڵه دوورودرێژانه نزیكه‌ی بیست ملیۆن كه‌س بچه‌وسێنێته‌وه و له كۆتاییشدا بكه‌وێته داوی ده‌سته‌یه‌ك سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكییه‌وه؟ له‌كوێش؟ له چاڵێكی به‌رته‌سكی تاریكدا. باشه بۆ نه‌ده‌بوو خه‌ڵكانێك كه ده‌یان ساڵ قوربانی سیاسه‌تی دڕندانه‌ی ئه‌و "مڕنده"یه بوون، به‌داویدا گه‌ڕابان له كونه جورجه‌كان دهریانهێنابا؟ به‌ڵام كابرا راستیدهكرد، ئه‌م خه‌ڵكه‌ی "عێراق"ـه شتێكی سه‌یرن و بۆ هه‌موو شتێك هه‌ڵده‌په‌رن.
ئه‌رێ به‌ڕاست ئه‌دی كوان ئه‌و هه‌موو كاخ و شاره ژێرزه‌ویه ئه‌فسانه‌ییانه‌ی ده‌یانگوت درووستیكردوون و ده‌توانێ خۆی تێیاندا بشارێته‌وه.
پێموایه ئێستا به جوانی ماهیه‌تی خود و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌و مرۆڤه‌مان بۆ ده‌ركه‌وت (هه‌رچه‌نده به دره‌نگیشه‌وه بێت) و به‌ڵام به‌داخه‌وه له‌گه‌ڵیشیدا بێتوانایی و بێئیراده‌یی ئه‌و هه‌موو ملیۆن خه‌ڵكه‌ی "عێراق"ـیش! له‌وانه‌یه به ههڵهیشدا چووبم و هه‌موو نه‌گبه‌تیه‌كه له‌وه‌وه هاتبێت كه عه‌ره‌به سوننیه‌كان له‌ناوه‌ڕاستی وڵات‌دا ده‌ژیه‌ن و ئه‌وه‌ش بووبێتهی رێگری زۆر كاری به‌رهه‌مدار.
بابێمه‌وه سه‌ر بابه‌ته‌كه‌ی دیكه، مانگرتنه‌كه‌مان. ئێستاش خوێندكارانی هه‌ر سێ زانستگه‌ی شار له مانگرتندان. ئاخر ئه‌و هه‌موو پاره‌یه‌ی ئیداری شار ده‌یه‌وێ لێیان ببڕێت، له دواڕۆژێكی ره‌ش زیاتر هیچی لێناكه‌وێته‌وه و هه‌ر بۆیه‌ش زۆربه‌ی پڕۆفیسۆر و مامۆستاكانی دیكه‌ش پشتگیری له‌و مانگرتنه ده‌كه‌ن.
مانگرتنه‌كه نه‌بۆته مایه‌ی ئه‌وه‌ی كه ته‌واوی ده‌رسه‌كانمان پشتگوێخهین. دیاره هه‌ڵسوڕێنه‌رانی ئهكتسیۆنهكان خوێندنیان ته‌واو وه‌لاناوه، به‌ڵام زۆربه‌ی خوێندكاران زۆربه‌ی ده‌رسه‌كانیان ده‌كه‌ن و له پاڵیشیدا له چالاكییه جیاجیاكاندا به‌شداری ده‌كه‌ن. هه‌موو رۆژانی شه‌ممه‌یه‌ك رێپێوانێك له‌ناوه‌ڕاستی شاره‌وه به‌ره‌و دیوه‌خانی گه‌وره‌ی شار به‌ڕێوه‌ده‌چێت. هێندێك له ده‌رسه‌كان له كلاسی ده‌رسه‌وه ده‌گوازرێنه‌وه شوێنه گشتیه‌كان، بۆ نموونه پارك و مه‌یدانه گشتییه‌كان، وێسته‌گانی میترۆ و شوێنه گشتیه‌كانی دیكه. جارجاره ده‌رگای ئه‌م به‌شه یان ئه‌و به‌شه‌ی دیكه‌ی زانكۆ ده‌گیرێت و كه‌س بۆی نییه بچێته ژووره‌وه. تا ئێستا هێندێك ئه‌كتسیۆنی سه‌یری دیكه‌ش ئه‌نجامدراون كه له‌رۆژنامه‌كاندا به‌زه‌قی باسیان لێوه‌كراوه. بۆ نموونه ده‌سته‌یه‌ك خوێندكار چوونه‌ته به‌رده‌رگای باڵوێزخانه‌ی وڵاته ئهسكهندهناڤیهكان و داوای په‌نابه‌ری خوێندنیان كرددوه! یان كۆمه‌ڵێك خوێندكاری دیكه به‌ماڵاندا ده‌گه‌ڕێن و وه‌ك كارێكی ره‌مزی سواڵ بۆ زانكۆ و خوێندكاران ده‌كه‌ن. چه‌ند جارێكیش نووسینگه‌كانی هه‌ردوو حیزبی حاكمی شار له‌لایه‌ن خوێندكارانه‌وه ده‌ستیان به‌سه‌رداگیراوه و دواتر پۆلیس پێی چۆڵكردوون.
له‌وه ده‌چێ دوو هه‌فته‌ی داهاتوو به هۆی پشووه‌كانی كریسمه‌س و سه‌ری ساڵه‌وه، خوێندكارانیش پشوویه‌ك بده‌ن.
با بزانین ساڵی داهاتوو چۆن ده‌ستپێده‌كات و چی دیكه‌ی بۆ له هه‌گبه‌كه‌یدا شاردوینه‌ته‌وه؟
ئێوه ده‌ڵێن چی؟
له‌وانه‌یه زۆرڕهویم نه‌كردبێت ئه‌گه‌ر بڵێم، ئه‌مڕۆ جه‌ژنی له‌سه‌دا نه‌وه‌دونۆی خه‌ڵكی "عێراق"ـه. به‌ڵام ئه‌م دونیایه سه‌یره. ئه‌مڕۆ له زانستگه سه‌یری وێنه‌كانی دوێنێی سه‌ددامم ده‌ركرد، مامۆستایه‌كی كۆریمان هه‌یه، كه وێنه‌یه‌كی ئه‌وی به‌سه‌ر مۆنیتۆره‌كه‌ی به‌رده‌ممه‌وه بینی گوتی: حه‌یفێ!
پێشتریش له‌گه‌ڵ هاوكلاسیهكی پۆلۆنی سه‌باره‌ت هه‌مان بابه‌ت ده‌دواین، ئه‌ویش ده‌یگوت: دوێنێ كه ئه‌و وێنانه‌م له ته‌له‌فزیۆنه‌وه بینی تێر بۆی گریام!
سه‌یره خۆ ده‌ڵێن: ئه‌م دونیایه وه‌ك دێیه‌كی بچوكی لێهاتووه. ئه‌گه‌ر وایه بۆچی ئه‌م ماڵه‌ی ئێره ئاگای له كاروباری ئه‌وماڵه‌ی ئه‌وێ نییه؟
ئێوه ده‌ڵێن چی؟